مزگێنی بەپێی نووسینی یۆحەنا
وشەی خودا
١ لە سەرەتادا،
وشەکە* هەبوو،
وشەکە لەلای خودا بوو،
وشەکە خۆی خودا بوو.
٢ ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو.
٣ هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە،
بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون.
٤ وشەکە سەرچاوەی ژیان بوو،
ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو،
٥ ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە*.
٦ مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی،
ناوی یەحیا بوو.
٧ ئەو بۆ شایەتی هات،
تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات،
بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن.
٨ ئەو ڕووناکییەکە نەبوو،
بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات.
٩ ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە،
دەهاتە جیهان.
١٠ ئەو لە جیهاندا بوو،
جیهانیش بەو بەدیهات،
کەچی جیهان نەیناسی.
١١ ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد.
١٢ لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد،
ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا،
مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا،
١٣ ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون،
نە بە خواستی مرۆڤ،
نە بە ویستی پیاویش،
بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون*.
١٤ وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو.
شکۆی ئەومان بینی،
وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە،
پڕ لە نیعمەت* و ڕاستی.
١٥ یەحیا شایەتی بۆ دا و هاواری کرد:
«ئەمە ئەوەیە کە گوتم:
ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوت،
چونکە پێش من بووە.»
١٦ لە گەنجینەی پڕیی ئەوەوە هەموومان نیعمەت لەدوای نیعمەتمان وەرگرتووە،
١٧ چونکە تەورات لە ڕێگەی موساوە درا،
بەڵام نیعمەت و ڕاستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هات.
١٨ هەرگیز کەس خودای نەبینیوە جگە لە کوڕە تاقانەکەی خودا،
ئەوەی لە باوەشی باوکدایە،
ئەو خودای دەرخست.
شایەتیدانی یەحیا
١٩ ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە،
کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین* و لێڤییان* ناردە لای پرسیاری لێ بکەن:
«تۆ کێیت؟»
٢٠ ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد،
بەڵکو گوتی:
«من مەسیحەکە* نیم.»
٢١ ئینجا لێیان پرسی:
«ئەی کێیت؟
ئەلیاسی؟»
گوتی:
«نا،
ئەو نیم.»
«ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی*؟»
گوتی:
«نەخێر.»
٢٢ لە کۆتاییدا پێیان گوت:
«باشە تۆ کێیت؟
تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە،
دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟»
٢٣ یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی:
«﴿من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات:
”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“
*﴾»
٢٤ ئەوانەی لە‏لایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون،
٢٥ لێیان پرسی:
«ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت،
ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت*؟»
٢٦ یەحیاش وەڵامی دانەوە:
«من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم،
بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن،
٢٧ ئەو لەدوای من دێت،
من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.»
٢٨ ئەمانە لە بێت‌عەنیا* ڕوویدا،
لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە،
لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.
بەرخی قوربانی خودا
٢٩ بۆ بەیانی کاتێک یەحیا بینی عیسا بەرەو ڕووی دێت،
گوتی:
«ئەوەتا بەرخی خودا،
ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات!
٣٠ ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد،
پیاوێک دوای من دێت کە پێشم کەوتووە،
چونکە پێش من بووە.
٣١ منیش نەمدەناسی،
بەڵام هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵبکێشم بۆ ئەوەی ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت.»
٣٢ ئینجا یەحیا شایەتی دا و گوتی:
«بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە.
٣٣ من نەمدەناسی،
بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم،
پێی گوتم:
”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە،
ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت*.“
٣٤ خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.»
قوتابییە یەکەمینەکان
٣٥ بۆ بەیانی دیسان یەحیا لەگەڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوەستا بوو.
٣٦ کاتێک عیسای لە کاتی ڕۆیشتندا بینی،
گوتی:
«ئەوەتا بەرخی خودا!»
٣٧ کاتێک دوو قوتابییەکە گوێیان لەوە بوو،
دوای عیسا کەوتن.
٣٨ عیسا ئاوڕی دایەوە و بینی بەدوایدا دێن،
لێی پرسین:
«چیتان دەوێت؟»
پێیان گوت:
«ڕابی،
لەکوێ دەمێنیتەوە؟»
ڕابی واتا مامۆستا.
٣٩ پێی فەرموون:
«وەرن،
تەماشا بکەن.»
لەبەر ئەوە ئەوانیش ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمایەوە،
ئەو ڕۆژەش لەگەڵی مانەوە،
نزیکەی کاتژمێر چواری* پاش نیوەڕۆ بوو.
٤٠ ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس،
یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یەحیا بوو و دوای عیسا کەوتن.
٤١ یەکەم جار ئەندراوس چوو شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت:
«مەسیحمان* دۆزییەوە.»
واتا دەست‏نیشانکراو.
٤٢ ئینجا شیمۆنی هێنایە لای عیسا.
عیساش تەماشای کرد و فەرمووی:
«تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای،
بەڵام بە کێفاس* ناو دەبردرێیت.»
کێفاس واتا پەترۆس.
٤٣ بۆ بەیانی عیسا ویستی بچێتە جەلیل،
فیلیپۆسی دۆزییەوە،
پێی فەرموو:
«دوام بکەوە.»
٤٤ فیلیپۆس خەڵکی بێت‌سەیدا بوو،
شارەکەی ئەندراوس و پەترۆس.
٤٥ فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییەوە،
پێی گوت:
«ئەوەی کە موسا لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە،
عیسای کوڕی یوسفی خەڵکی ناسیرەیە.»
٤٦ ناتانئیل پێی گوت:
«ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟»
فیلیپۆس پێی گوت:
«وەرە و ببینە.»
٤٧ عیسا ناتانئیلی بینی بۆ لای دێت،
دەربارەی فەرمووی:
«ئەوەیە ئیسرائیلیی ڕەسەن،
کە هیچ فێڵێکی تێدا نییە!»
٤٨ ناتانئیل پێی گوت:
«چۆن دەمناسیت؟»
عیسا وەڵامی دایەوە:
«پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات،
تۆم لەژێر دار هەنجیرەکەدا بینی.»
٤٩ ناتانئیل وەڵامی دایەوە:
«ڕابی،
تۆ کوڕی خودایت!
پاشای ئیسرائیلیت!»
٥٠ عیسا وەڵامی دایەوە:
«باوەڕت هێنا،
چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟
شتی گەورەتر دەبینیت!»
٥١ ئینجا پێی فەرموو:
«ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم،
دەبینن ئاسمان کراوەتەوە و فریشتەی خوداش لەسەر کوڕی مرۆڤ* سەردەکەون و دادەبەزن.*»